Skip to content
Back to books
ڕەنگی ئاسمانم بیر چووەتەوە

Authorڤینۆس

IQD 8,000Novels
Publication year
2026
Language
Kurdish (Sorani)
Available as
EbookRead in the app
One-time purchase

IQD 8,000

Download the app to buy

Sign in with the same account to find it in your library.

Read this digital book in the iWane app for iOS and Android.

ڕەنگی ئاسمانم بیر چووەتەوە

About this book

تێبینی ژمارە بیست و حەوت دایبی ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە. دڵتەنگترم لەوەی هیچ بەنی ئادەمێک تەنانەت بەخەیاڵیشیدا بێت. بەهۆکاری ئەوەی دوێنێ چوار چوکلێتم خوارد، ئەمڕۆ تووشی سکچوون بووم. پێش ئەوەی ئەوان لەماڵ دەربچن، جارێک سەرئاوم کرد. بەڵام ئێستا دیسان پێویستم بە سەرئاوە، وەلێ بەتەنها لەماڵم. تازە ئەوان دەرچون و خودا دەزانێ کەی دەگەڕێنەوە. هەمیشە دەپرسم داخۆ چی شتێک لە دونیا هەبێت بە ئەندازەی خۆڕاگرتن بە میز و پیسایی سەختبێت؟ خودایە چەند ماندووم لەوە. هەمیشە خۆزگە دەخوازم هەستم نەبووایە و دایبییان بۆ دابنامایە. ئاخر چی مرۆڤێک خۆزگە بەوە دەخوازێت؟! خودایە گیان، لووتبەرزیی مرۆڤ بەڕادەیەکە، نایەوێت هەرگیز دایبی بەکاربهێنێت، بەڵام من گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی خۆزگەی پێ بخوازم، ئیدی با خەڵکی بزانن چیم چەشتووە! من هەستم هەیە و هەرکات شپرزەبم پێیان دەڵێم، بەڵام ئەوان تاخیرم دەکەن، دەمهێڵنەوە. دەزانن من ئەگەر زۆر شپرزەشبم ناوێرم بەخۆمیدا بکەم. خۆ گەر هەستم نەبووایە و ڕاستەوخۆ بەخۆمدا بکردایە، ئیدی ئەوکات یان دایبییان بۆ بەکاردەهێنام، یانیش لێیان دەدام دوای خۆپیسکردنەنە، وەلێ خودایە سوێند بە گەورەییت، ئەوە ئازارەکەی کەمترە لە بەرگەگرتن. دەی خودایە ناهەقیشیان نییە، پارەی ئێمە تەنها بەشی قوزەڵەقورتەکەی باوکم و بڕوا دەکات. خودایە سوێن بەخۆت، بەرگەگرتن هێندە قورسە، دەمەوێت بمرم. خودایە من لەو کاتانەیان دەبوورم کە لەماڵ نین و تەنگاوم، بەڵام هەرگیز ناتوانم بیانبەخشم لەو ساتانەی دانیشتون بەدیار کارێکی ناگرنگ و پووچەوە، کەچی مەجبورم دەکەن چەندین خولەک بە ئازاری گەڕاندنەوە و خۆگرتنەوەوە بمێنمەوە. بەرگە دەگرم کاتژمێرێک و دوان، هەرچەند ئەمە بەرگەگرتنی قورس و ئەسڵەن ئەستەمیشە. وەلێ چارم چییە؟ نابێت خۆم پیسکەم، ئەگینا لێدان دەخۆم. خوایە گیان، بەخودا شەو هەبووە تا ڕۆژبووەتەوە من بۆ ساتێ نەخەوتووم، چونکە میزم هاتووە و ترساوم لەخەودا بەخۆمیدا بکەم. خودایە هاوارم بۆ تۆیە ئەوان هیچ ڕێگەیەکیان بۆ من نەهێشتووەتەوە، یان دایبیم بۆ دانێن یان جێم مەهێڵن. یان وەرن یەکجار بمکوژن. ئیتر نە پێویستم بە خواردنبێت و نە سەرئاوکردنیش دەبێت. من ئەگەر ڕێگەیەک لە توانامدا هەبووایە، دەمکرد. تاکە ڕێگە کە لەبەردەممدا هەبێ، بەرگەگرتنە. بەڵام ئیتر ئەمە لە بەرگەگرتن دەرچووە. وا کاتژمێرێک تێپەڕیوە و من بەو حاڵەوە خۆم گرتووە. چی کەسێک دەتوانێت کاتێک تووشی سکچون بوو ئەوەندە خۆی بگرێت؟ خودایە گیان هەرچەند ئەمانە شیاوی باسکردن نین، بەڵام لەنێو تێبینییەکانمدا دەینووسمەوە، دەمەوێت ڕۆژێک کەسانێک هەبن بیخوێننەوە و لەمن تێبگەن. ڕەنگە هەندێک لەوان لە داهاتوودا ببنە خاوەنی منداڵێکی هاوشێوەی من. هەرچەند هیوا ناخوازم هیچ منداڵێکی لەم شێوەیە لەدایک بێت، وەلێ ڕێگرتن لە لەدایکبوونی منداڵی خاوەنپێداویستیی لەتوانای مندا نییە، بەڵام بە من دەکرێت دایکەکان فێربکەم کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵە هاوشێوەکانمدا بکەن. ئێمە مرۆڤین، هەستمان هەیە، توانای بەرگەگرتنمان سنووردارە. من خۆشیم ناوێ، هەزار جار گوتومە خۆشیم ناوێ، تەنها کەمتر ئازارم هەبێت. خودایە ئەمە یەکەم جاری ژیانم نییە کە سکچوون ئازارم بدات، سکچوون لای من ترساکترین نەخۆشی دونیایە. ئێستاش وەکوو ئەو ڕۆژە لەبیرمە، بەیانییەکی زوو کاتژمێر شەش سکچوون شپرزەی کردم و خۆم پیسکرد، دایکم زانی کە واملێهاتووە، کەچی پاکی نەکردمەوە و چوونە دەرەوە بۆ سەیران. کاتێکیش دەهاتنە ژوورەوە بۆ پێویستییەکانیان، تووند لووتی خۆیان دەگرت. خودایە باشم لەبیرە ئەو ڕۆژە تەواوی نوێژەکانمم بە جێگە و جل و جەستەی گواوییەوە کرد. لە بۆنی پیسیدا گێژ ببووم و هێڵنجم دەدا. ئەو ڕۆژە ئەوەندە گریام، فرمێسک لێم بێزاربوو. خودایە هەندێک جار هەستدەکەم من ئاژەڵم، ئاژەڵێکی ئالیک پێنەدراو. هەندێک جاریش بەچەندین کاتژمێر بیردەکەمەوە، ئایە ئاژەڵ بوومایە ژیانم خۆشتر دەبوو یان ئێستا؟ خودایە من سەرم لێشێواوە. خودایە دەترسم..من لە ئێستاوە لە لێدانەکە دەترسم. چونکە ئێستا کاتژمێر و نیوێک تێپەڕیوە و من خۆم پیس کردوە. بەبێ ویستی خۆم ئەوە ڕوویدا. من بەهەموو بوونمەوە هەوڵمدەدا خۆم ڕابگم. خودایە هاوارم بۆ تۆیە و دەزانم گوێت لێمە، لە ئێستاوە لە لێدانەکەی دەترسم. ئاخر ئەم جەستە لاوازەی من، ئەم ئێسکانەی من کە دووری خۆر نەرم و ناسکی کردوون، کە ئیفلیجن، کوا بەرگەی لێدان دەگرن؟ دەگریم هەرچەند لە گریانیش ماندووم، هەناسەی قووڵ وەردەگرم و دەزانم ئەویش هەزار بارەیە. خودایە تازە هیچ خۆشییەکی زەوی قەرەبووی ئەم ئازارانە ناکاتەوە، هەموو پێکەنینی ئەم هەسارەیە قەرەبووی فرمێسکێکی من ناکاتەوە کە بە جەستەیەکی پیسەوە لە ترساندا دەیڕێژم. خودایە ئومێدم بە دونیاکەی ترە، بەهەشتێکم بەرێ بە ئەندازەی ئازار و بەرگەگرتنەکانم بێت. بەڵام خودایە، تکایە لەوێ با جگە لە نەبوونی ئازار و خۆڕاگرتن: ئەو خواردنانە هەبێت کە لێرە نەمخواردوون، ئەو جلوبەرگ وکەرەستە کچانانەشم پێ بدە کە لێرە نەمبوون. بشمبە بۆ ئەو شوێنانەش کە هەرگیز نەچووم.

Reviews

No reviews yet

Write a review in the iWane app.